لە عەلوەی سلێمانی کارگەیەکی شەربەتی هەنار بەهۆی بەکارهێنانی هەناری خراپبوو داخرا
بڵند
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە بەردەوامی گەڕان و پشکنینەکانیان ، کارگەیەکی دروستکردنی شەربەتی هەناریان لە عەلوەی سلێمانی داخست، کە ئەو بەرهەمانەی دەیخستنە بازارەوە خراپبوبون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە کاتی بەسەرکردنەوە و پشکنینی کارگەکە لە عەلوەی سلێمانی، لیژنەکانیان بۆیان دەرکەوت کە خاوەنی کارگەکە بۆ دروستکردنی شەربەتی هەنار، هەناری خراپبوو و کەڕوکراوی بەکاردەهێنێت، کە ئەمەش پێچەوانەی رێنماییە تەندروستییەکانە و زیان بە تەندروستی هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دڵنیابوونەوە لە سەرپێچییەکە، دەستبەجێ بڕیاری داخستنی کارگەکە دراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەست بەسەر تەواوی هەنارە خراپبووەکان و ئەو شەربەتەشدا گیراوە کە بەرهەم هێنرابوو، هەروەها خاوەنەکەشی روبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.



