بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رۆژی شەهیدی یەکێتیدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "بستێک لە خاکی کوردستان و هیچ شاخ و دەشتێک نییە رۆڵەکانی یەکێتی قوربانییان بۆ نەدابێت".

دەقی پەیامەکە

ئەمڕۆ بە شانازی و سەربەرزییەکی زۆرەوە یادی رۆژی شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەینەوە و لەبەردەم کێلی بەرزی نەمریاندا، وەفاداری و پابەندبوونمان بە رێبازەکەیانەوە دووپات دەکەینەوە.

بستێک لە خاکی کوردستان و هیچ شاخ و دەشتێک نییە رۆڵەکانی یەکێتی قوربانییان بۆ نەدابێت. یەکێتی هێزێکە کە لە سەختترین رۆژگارەکاندا لە ناو کوردستاندا مەشخەڵی خەباتی بە هەڵکراوی هێشتەوە و لە سەنگەری بەرگری و فیداکاریدا مایەوە.

لەبەردەم گەورەیی شەهیدانمان و کەسوکارە سەربەرزەکانیاندا بەڵێن دەدەین، چۆن دوێنێ بە خوێن بەرگریمان کرد، ئەمڕۆش بە خەبات بۆ دادپەروەری، ژیانێکی شایستە و بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر خزمەتی گەلەکەمان دەکەین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان