مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "ئەم یادە مەزنە دەرفەتێكە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی رەوای نیشتمانیی (کوردایەتی) و خەباتی روونی دیموکراتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی (کوردەواری) كە ئەویش یەكخستنی هەوڵەكانمانە بۆ خزمەتكردنی زیاتری میللەتەکەمان".

دەقی پەیامەکە...

پەیامی مەكتەبی سیاسی لە رۆژی شەهیدی یەكێتییدا

ئەمڕۆ لە تۆماری دوور و درێژی خەباتی هەمەلایەنەی یەكێتییەکەمان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، رۆژی شەهیدی یەكێتییە، یادی یۆبیڵی زێڕیینی شەهادەت و رێڕەوی ئاوەدانی (كەم بژی و كەڵ بژی)یە كە شەهیدانی سەرکردە، شەهیدخاڵە شیهاب وهاوڕێكانی شەهید جەعفەر و شەهید ئەنوەر بوونە  پێشەنگی گیانبەخشین و قوربانیدان لە پێناوی ئازادی و سەرفرازیی نیشتمان و گەلەكەماندا.

بۆ بەرز راگرتنی یادەوەری گشت شەهیدانی كاروانی خەباتی یەكێتی، رۆژی 21ـی تشرینی  دووەم وەك رۆژی سەرتاسەری رێزگرتن لە رۆحی شەهیدانی گشت قۆناغەكانی شۆرشی نوێی گەلەکەمان و کۆڕی تێکۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان   دیاریكراوە تاوەكو هەمووان لەیەك سات و پێكەوە بەڵێنی وەفاداریی بۆ گشت شەهیدان و درێژە پێدان بە رێبازەكەیان دووپاتبكەینەوە.

ئەم یادە مەزنە دەرفەتێكە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی رەوای نیشتمانیی (کوردایەتی) و خەباتی روونی دیموکراتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی (کوردەواری) كە ئەویش یەكخستنی هەوڵەكانمانە بۆ خزمەتكردنی زیاتری میللەتەکەمان لە پێناوی ئایندەیەكی باشتر و گەشتردا كە حزبی شەهیدان درێغی لێ نەکردووە و لێ ناکات و شەهیدەكانیشمان گیان و ژیانی خۆیان لە پێناویدا بەخشی. ئەوەش تەنها و تەنها بە پێداگریمان لەسەر ئەرکی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی خۆماڵی و سەرخستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستوورییەکانمان دێتەدی.

یەکێتی بۆ ئەمە لە کۆری تێکۆشاندا ماوە و دەمێنێ تاوەکو یەک بە یەکی ئەرکەکانی رزگاری و چاکسازی و خۆشگوزەرانی بۆ ئەم میللەتە شەهیدپەروەرە سەردەخات.

جارێکی تر لە رۆژی شەهیدی یەکێتیدا درود بۆ رۆحی پاكی شەهیدان، سڵاوی ئەمەكداری بۆ كەسوكار و خانەوادە سەربەرزەكانیان.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان