کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکی هەرێم باران دەبارێت، سبەینێش پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت، هاوکات نمەباران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین دەبارێت و لە کاتەکانی شەویشدا کاریگەریی ئەو شەپۆلە لاواز دەبێت، پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ شەممە، کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، ئاسمان بە گشتی نیمچەهەور دەبێت و تەنها لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور ئەگەری کەمێک بارانبارین هەیە، هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، بە نزیکەی یەک تا دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر: 22 پلەی سیلیزی

پیرمام: 18 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 22 پلەی سیلیزی

دهۆک: 19 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 21 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 11 پلەی سیلیزی