شارەوانیی شارەزور: 1600 دۆنم زەوی ئامادەیە بۆ دابەشکردن و زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی سودمەند دەبن
بڵند
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆکایەتی شارەوانیی شارەزور رایگەیاند، دوای هەوڵەکانیان کۆتاییان بە رێکارەکانی نەخشەی دابەشکردنی زەوی هێنا و زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی سوودمەند دەبن.
شارەوانیی شارەزور رایگەیاند، قۆناغی کۆتایی نەخشەی زەوی فەرمانبەرانی سنوری شارەوانی پەسەند کراو و کارە هونەری و کارگێڕییەکانی تەواو بوون، بە جۆرێک نەخشەکە زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی لەسەر روبەڕی نزیکەی 1600دۆنم لەخۆ دەگرێت و روبەری هەر پارچەیەک 200 مەتر دوجایە.
شارەوانییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دوای یەکلاکردنەوەی قەرەبووی جوتیاران، بەپێی ڕێنماییەکان و بنەمای شەفافیەت و دادپەروەری دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بە شێوازێک کە زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتی لەو سنورە زەوی وەردەگرن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو زەویانە بڕیارە بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان و ئەنفالکراوان و کەسوکاری شەهیدان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پێشمەرگە، کەس و کاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسیدا دابەشبکرێت.


