چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو لیستی موچەی مانگی 11 رەوانەی بەغداد بكرێت
هەساو ئەمیر
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاست و كۆتایی هەفتەی داهاتوودا لیستی موچەی مانگی 11 موچەخۆرانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی عیراق بنێردرێت.
بەپێی دوایین زانیارییەكانی دەست كوردسات نیوز كەوتووە، هێشتا بەشێك لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكان لیستی موچەی مانگی 11 یان نەكردووەتە ناو سیستمی پەیڕۆڵەوە، كە بریتین لە پۆلیسی دارستان، وەزارەتی پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێركاریی.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر راشیگەیان ئەگەر ئەو دامەزراوانە ئەمڕۆ لیستی موچە داخڵی سیستمی پەیڕۆڵەوە بكەن ، ئەوا سبەینێ پێنجشەممە لیستەكە رەوانەی وەزارەتی دارایی دەكرێت و لەوێش دەبێت وردبینی بۆ بكرێت، دواتر رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق دەكرێت، ئەگەر داخڵكردنی لیستی ئەو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییانەش بۆ ناو سیستمی پەیڕۆڵ بكەوێتە رۆژی یەكشەممەوە، ئەوا تا وردبینی دەكرێت، ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق دەكەوێتە ناوەڕاست و كۆتایی هەفتەی داهاتووەوە.


