وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، سزاکانی ئەمریکا، ئێران سست دەکەن و پێویست بە هێرشی سەربازیی فراوان بۆ سەر ئەو وڵاتە ناکات.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی (G7) لە پاریس کە تایبەتە بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام تێیدا رایگەیاند، گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکانی واشنتۆن بۆ سەر تاران ئەوەندە کاریگەر بوون، پێویست بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی فراوان ناکات، هاوکات مەرجەکانی ئێستای ئێران بۆ رێککەوتن رەتدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هاوپەیمانەکانی ئاگادارکردووەتەوە، کە سزا و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا ئابووریی ئێرانی سست کردووە بە جۆرێک، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێویستی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بە ئێران نابێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئیران بە تێپەڕبوونی کات قورستر دەبن، بەڵام واشنتۆن هێشتا دەرگای کراوەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی راستەقینە.