شەوی رابردوو لە سنووری ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکوک، هێزەکانی پۆلیس توانییان 12 هاووڵاتیی بیانی دەستگیر بکەن، کە بەشێوەیەکی نایاسایی و بەپێ بەرەو ناو شاری کەرکوک دەڕۆیشتن.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ناحیەی شوان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: دوای ئەوەی زانیاری بە پۆلیسی ناوچەکە درا لەسەر جوڵەی گوماناویی چەند کەسێک لە سنوری ناحیەی شوان و گوندی حەسار، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی مەبەست؛ لە ئەنجامدا دەرکەوت 12 هاووڵاتیی بیانین و بەپێ بەرەو کەرکوک دەڕۆن، کە هیچ جۆرە چەک و کەرەستەیەکیان پێ نەبووە، سەرجەمیشیان دەستگیر کران.

بە وتەی سەرچاوەکەی پۆلیس، ناسنامەی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا بووە کە حەوت کەسیان هاووڵاتیی ئەفغانستان و پێنج کەسەکەی دیکەیان هاووڵاتیی پاکستانن.

لەبارەی هۆکاری گەیشتنیان بەو ناوچەیە، سەرچاوەکەی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد؛ لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە ئەو کەسانە لەلایەن باندێکی قاچاخچێتییەوە فریو دراون و بەڵێنی ئەوەیان پێدرابوو کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بیانگوازنەوە بۆ باشوری عیراق، بەڵام باندە قاچاخچییەکە لە سنوری ناحیەی شوان لە ئۆتۆمبێل دایانبەزاندوون و لەوێ بەجێیانهێشتوون.