فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو و بابلیون و توركمان (سلێمانی) لە سێ راگەیەندراوی جیاوازدا، بڕیاری بایكۆتكردنی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستانیان کرد و جەختیش لەوە دەکەنەوە کە پێویستە بە کۆدەنگی هەموو لایەنەکان کۆبوونەوەکە بکرێت نەک بە خۆسەپێنی.

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا ئاماژەی بەوە كردووە، سەرەڕای ئەوەی لە بنەڕەتدا لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستاندا بوون و دوو ساڵە هەوڵ بۆ سازاندنی لایەنەكان دەدەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی كۆدەنگیی سیاسی لەسەر كۆبوونەوەكە، بەشداری تێدا ناكەن.

لە لایەكی تریشەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی بابلیون پاڵپشتیی خۆی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند ئەوانیش بەشداری لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا ناكەن، چونكە جێی قبوڵ نییە لایەنێكی سیاسی بەتەنیا هەموو پۆست و پلە سەروەری و كارگێڕییەكان بۆ خۆی قۆرخ بكات و هەڵسوكەوتی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیکەدا وەك ئەوەبێت لایەنێكی روواڵەتی و بێكاریگەر بن.

هاوكات، نەجدەت نوری، سەرۆكی فراكسیۆنی توركمان (سلێمانی) لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، جەخت لەسەر هەڵوێستی سیاسیی جێگیری خۆیان دەكەنەوە و رەتیدەكەنەوە بەدەم بانگهێشتەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بچن و بەشداری لە دانیشتنەكە بكەن، چونكە پەرلەمان نوێنەرایەتیی هەموو هاووڵاتییان دەكات، نەك ئامرازێك بێت بۆ سەپاندنی ویستی حزبی.