ترەمپ: تاران خوازیاری گفتوگۆیە، بەڵام رەنگە لە قۆناغێكدا پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببەین
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆكی ئەمریكا هۆشداری دەدات لە یەكلاكردنەوەی قەیرانی ئێران بە رێگەی سەربازی ئەگەر بێت و دانوستانەكان شكست بهێنن و دەڵێت، گفتوگۆكان تا سەر بەردەوام نابن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئاڵۆزییەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئێرانەوە رایگەیاند، ئاستەنگەكانی بەردەم گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی و گرفتی سەرەكیی ئەمریكا دیاریكردنی ئەو لایەنەیە كە باوەڕپێكراوە لەناو ئێراندا و دەكرێت گفتوگۆی راستەقینەی لەگەڵدا بكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، تا ئێستا بڕیاری هێرشێكی سەربازیی یەكلاكەرەوە لە ئێران نەدراوە لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە خوازیاری ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستانە لەگەڵ ئەمریكا.
جەختیشیكردەوە، لەگەڵ ئەوەی ئێرانییەكان بەردەوامن لە پەرۆشییان بۆ دیالۆگ، بەڵام رەوشەكە تا سەر بەم شێوەیە نامێنێتەوە و لەوانەیە لە قۆناغێكی دیاریكراودا ئەمریكا ناچار بێت پەنا بۆ هێزی سەربازی ببات بۆ ئەوەی بە یەكجاری كۆتایی بە كێشەی ئەتۆمیی ئێران بهێنێت.


