لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی، جگە لەپڕۆژەکانی تری ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوە،  کارکردن لە چوار پڕۆژەی گەورەی رێگاوبان بە گوژمەی زیاتر لە 45 ملیار دینار بەردەوامە و بە تەواوبونیان بەشێکی زۆری قەرەباڵغی سەر شەقامەکان کۆتایی دێت.

پرۆژەی یەکتربڕەکانی سلێمانی ژمارەیەک پرۆژەی ئەندازیاری و خزمەتگوزاریین، کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغی هاتوچۆ لە سەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و دەروازەکانی شارەکە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە  جێبەجێ دەکرێن.

یەکتربڕی شەهید شەوکەتی حاجی موشیرە

پرۆژەی یەکەم، کە پڕۆژەی یەکتربڕی شەهید شەوکەتی حاجی موشیرە،  گوژمەکەی پێنج ملیار و 238 ملیۆن دینارە.

پڕۆژەکە دەکەوێتە سەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود، ئەمساڵ دەست کراوە بەکارکردنتێدا و لە ئێستادا زۆرینەی کارەکانی تەواو بووە، پێشبینیش دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ پرۆژەکە بەتەواوەتی بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.

ئەندەرپاسی سەر شەقامی سالم

پرۆژەی دووەم، کە ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوام و ناوی (ئەندەرپاسی شەقامی سالم)ـە ،  گوژمەکەی حەوت ملیار و 800 ملیۆن دینارە.

ئامانج لەم پڕۆژە ستراتیژیەش،  کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاریکردنە بۆ هاتوچۆ،  پرۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود و و سەهۆڵەکە و سالم بەیەکەوە دەبەستێتەوە، و بڕیاڕ وایە تا مانگی 12ی ساڵی 2027 پڕۆژەکە تەواو بکرێت و  بە ڕوی شۆفێراندا بکرێتەوە.

یەکتربڕی گۆیژە

هاوکات،  پڕۆژەی سێیەمیش، کە دەکەوێتە سەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود و چەند رۆژێکە دەستکراوە بە کارکردن تێیدا،  بریتییە لە (یەکتربڕی گۆیژە)، گوژمەی پرۆژەکەش 17ملیارو 423 ملیۆن دینارە و ماوەی پڕۆژەکە 660 رۆژە و بڕیار وایە 7ـی6ـی2028 پرۆژەکە تەواو بکرێت و لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانییەوە سەرپەشتی دەکرێت.

یەکتربڕی قەرەتۆغان

یەکتربڕی قەرەتۆغان، کە چوارەم پڕۆژەی ستراتیژی رێگاوبانی ناو سلێمانییە،  دەكەوێتە نزیك پردی وڵوبە، لە نێوان ئەوین سیتی و گرین سیتی،  سەنتەری شار و رۆژهەڵاتی سلێمانی بە شەقامی 100مەتری دەگەیەنێت و درێژییەکەی حەوت کیلۆمەترە.

لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی، رایگەیاندوە،  یەكتربڕەكە 15 ملیار دیناری پێویستە، بودجە و دیزاینەكەی ئامادەكراوە و لەماوەیەكی نزیكدا كۆمپانیای جێبەجێكار دەست بە کارکردن دەکات تێیدا و ماوەی پرۆژەکەش 550 رۆژە.

 

جێی باسە، لە ماوەکانی رابردودا، چەندین یەکتربڕی تر، دروستکراون و بە روی شۆفێراندا کراونەتەوە؛  لەوانە یەکتربڕی تۆفیق وەهبی، یەکتربڕی باخی بەختیاری، یەکتربڕی والی، یەکتربڕی ئارام  و ئەندەرپاسی فاروق،  یەکتربڕی حەبسەخانی نەقیب،  کە ئەم پرۆژانە جگە لە پێدانی سیمایەکی جوان و مۆدێرن بە شارەکە، هۆکارێکی باشبوون بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆکردنی شۆفێران.