داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر لە 12 ملیار دینارە
محەمەد رزگار
٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
ماڵپەڕی شەفافییەت داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بڵاوکردەووە، کە زیاتر لە 12 ملیار دینارە.
ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاویکردەووە، لە رۆژی 24ـی10ـی2026 تا 30ـی10ـی2026 داهاتی نانەوتی 12 ملیار و 150 ملیۆن دیناربووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی سێ ملیار دینار داهات کەمی کردووە.
ماڵپەڕی شەفافییەت ئەوەشی خستەڕوو، لە ٪87 داهاتەکە بە شێوەی نەختینەیە و لە ٪13ـی بەشێوەی چەکە.
جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.


