"هەر کەس دوو ئایەت و فەرمودەی خوێندەوە مانای ئەوە نیە مەلا بێت"
ئوسامە ئەبوبەکر
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لۆگۆی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە تێیداهاتووە، "هەواڵێک بڵاوبووەوە کە گوایە مەلایەک لە کەلار دەستگیرکراوە و وێنەی نەشیاو لەناو موبایلەکەیدابووە، ئەو کەسە مەلا نییە و دەرچووی هیچ ناوەندێکی خوێندنی ئایینیش نیە".
د. عەبدوڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاندووە: دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەسێک لە کەلار، گوایە وێنەی نەشیاو لەناو مۆبایلەکەیەوە هەبووە، لەناو دەزگایەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا بە مەلا بڵاوکرایەوەو لەم پەنایە هێرشی ناڕەوا کرایە سەر مامۆستایانی ئایینی، لە کاتێکدا ئەو کەسە هیچ پەیوەندی بە پیشە و کاری مەلایەتیەوە نیە و دەرچووی هیچ ناوەندێکی خوێندنی ئایینیش نیە.
"ئەو کەسە سێ ساڵ بەر لە ئێستا خۆبەخشانە ماوەیەک کەم کاری پێشنوێژی کردووەو قورئانی خوێندووە و دوورخراوەتەوە، بۆ دڵنیایی هەموو لایەک، ئەو کەسە هیچ بڕوانامە و سیفەتێکی رەسمی مەلایەتی نەبووە، لەهەمان کات نە ئەندامی یەکێتی زانایانە، نە فەرمانبەر و خۆبەخشی فەرمی ئەوقافیشە"، وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وادەڵێت.
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، نیگەرانی زۆرمان لە دەزگایەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا ئەوەیە، کە بە هەستیاری و وەک خۆی مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و روداوەکان ناکەن و پیشە و ناوی پیرۆزی مەلایەتی لەبەر هەڵەی کەسێکی نا مەلا دەزڕێنن، کە بەداخەوە نەدەبوو بەشێکی کەناڵ و ماڵپەڕو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەو شێوەیە بڵاوی بکەنەوە، بە بێ بەڵگە لەسەر هەموو مامۆستایانی ئایینی حیساب بکرێت، چونکە هەر کەس دەنگخۆش بوو یان پێشنوێژی کرد یان دوو ئایەت و فەرمودەی خوێندەوە و خۆی بەبانگخواز ناساند، مانای ئەوە نیە مەلا بێت، داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین رێکاری توندتر بەرانبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر کە مۆڵەت و رێپێدانی مەلایەتیان نیە و مزگەوت بەکار دەهێنن.



