تائێستا وردبینی لە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەستیپێنەکردووە
محەمەد رزگار
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەرچاوەیەک لە دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ پێداچوونەوە بە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بەغداد دەستیپێنەکردووە، بەڵام پێشبینی ناکرێت وەک مانگەکانی رابردوو دوا بکەوێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بەکوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا وردبینی لە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەبەغداد نەکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ پەیوەندییان بە وەزارەتی دارایی عیراقەوە کردوە و پێیان راگەیاندوون، هێشتا پێداچونەوە بە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، کاری پێداچوونەوە لەلایەن بەشی موازەنە لە وەزارەتی دارایی عیراق بەڕێوەدەچێت.
راشیگەیاند، پێشبینی ناکەن پێداچونەوەی لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەکو مانگەکانی رابردوو بکەوێتە دوای تەمویلکردنی هەموو وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی عیراقەوە.
جێگەی ئاماژەیە، وەزاەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەکۆتایی هەفتەی رابردووە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق کردووە.

