پۆلیسی ئاکرێ: بە زووترین کات تۆمەتباری کوشتنی دوو براکە دەستگیردەکرێت
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دوای روداوێکی تاوانی کوشتن لە تەنیشت پارکی ئاکرێ، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی ئارامی ئەمنی شارەکە دەکاتەوە.
پۆلیسی ئاکرێ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێدا داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بە شێوەیەکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ روداوەکەدا بکەن، تەنیا پشت بە سەرچاوە رەسمییەکانی پۆلیس ببەستن بۆ وەرگرتنی زانیاری.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا هاووڵاتیان و دەزگاکانی راگەیاندن دڵنیا دەکاتەوە، کە هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان و هەردوو دەزگای پۆلیس و ئاسایش بە هەماهەنگی لە بەدواداچوونی بەردەوامدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی کە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بە زووترین کاتیش دەستگیر دەکرێت.
لە کۆتاییشدا، پۆلیسی ئاکرێ داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەپێناو پاراستنی ئاسایشی شارەکە، هاوکار و هەماهەنگ بن و لە کاتی بوونی هەر زانیارییەکدا، پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵی پۆلیسی ئاکرێوە بکەن بە ژمارەی بێبەرانبەری 104.


