قوباد تاڵەبانی: بەبێ ژێرخانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد ناتوانین گەرەنتیی ئابووریی داهاتوومان بکەین
محەمەد رزگار
٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پاش گواستنەوەی ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتی ئەرمینیا بۆ کوردستان، قوباد تاڵەبانی ئاشکرای دەکات کە ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای نوێ دەبنە ئاراستەکەری ئابوریی داهاتووی وڵات و ناوەندی "ئارمات"یش سەرەتای ئەو هەنگاوەیە.
قوباد تاڵەبانی ئەم وێنانەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، بیرۆکەی داهێنەرانە، تەکنەلۆژیای نوێ و ژیریی دەستکرد بناغە و ئاراستەکەری ئابوریی داهاتووی جیهانن، بەبێ ئامادەکردنی ژێرخانێکی پتەو لەم بوارانەدا ناتوانین گەرەنتیی داهاتووی ئابوریی وڵاتەکەمان بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەربۆیە کردنەوەی یەکەمین ناوەندی ئارمات لە دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین هەوڵێکی گرنگە بۆ پەروەردەکردنی منداڵان و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجەکانمان بۆ ئەوەی بتوانن بە بیرۆکەی داهێنەرانە و بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای نوێ رۆڵی گرنگ ببینن لە داهاتووی ئابووریی وڵاتەکەماندا.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، ئارمات پێشتر لە ئەرمینیا و چەندین وڵاتی تری جیهاندا ئەزمونێکی سەرکەوتووی پێشکەش کردووە و لە دوای سەردانم بۆ ئەرمینیا بڕیارماندا ئەزموونەکەیان بۆ کوردستان بگوازینەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سوپاسی حکومەتی ئەرمینیا دەکەم کە هاوکار و پشتیوانمان بوون.



