دۆزینەوەی ژمارەیەک گۆڕ کە مێژوەکەیان بۆ نزیکە 3000 ساڵ دەگەڕێتەوە لە سنە راگەیەندرا
بڵند
٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
شوێنەوارناسانی زانکۆی بوو عەلی سینای هەمەدان لە گۆڕستانێکی چاخی ئاسن لە باشوری رۆژئاوای سنە و لە داوێنی چیای ئاویەر، چەندین گۆڕ و شوێنەواری مێژویییان دۆزیوەتەوە کە تەمەنیان نزیکەی 3000 ساڵە.
میدیای ئێران لە زاری کازم مەلازادە، ئەندامی گروپی شوێنەوارناسی رایگەیاندوە، لە سوێنی دۆزینەوەی گۆڕەکان، پێنج شوێنیان هەڵکۆڵیوە و ژمارەیەک گۆڕیان دۆزیوەتەوە، لە سەر گردەکەش پاشماوەی شوێنی ژیان دۆزراوەتەوە کە ڕەنگە هی سەردەمی ئەشکانی یان ساسانی بێت.
هەر لە هەمان شوێن ژمارەیک گۆڕی تر دۆزراونەتەوە، کە نیشانەکان دەریدەخەن نوێترن و مێژویان بۆ 750 تا 500ساڵی پێش زایین دەگەڕێنەوە و بە شێوازی بەخاکسپاردنەکەیاندا، گریمانەی ئەوە دەکرێت رۆژ پەرستبوبن.
گۆڕستانەکە یەکەم جار ساڵی 2008 لە کاتی کارکردن لە شەقامێکدا دۆزرایەوە و قۆناغی دووەم دوای 18 ساڵ دەستی پێکردووە، داواش دەکرێت شوێنەکە بکەنە مۆزەخانە، بۆ ئەوەی خەڵک و گەشتیارانیش زیاتر لە مێژوەکەی ئاگاداربن.



