سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی راگەیەنراوێکی لەبارەی بڕیارێکی دادگای کارگێڕیی سلێمانی بڵاوکردەوە و جەخت دەکاتەوە، بەپێی دەستور و یاسا، هیچ بەربەستێک لەبەردەم هاووڵاتییانی عیراقدا نییە بۆ خاوەندارێتیی رەوای خانووبەرە لە سلێمانی.

دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ دادگای کارگێڕیی سلێمانی بڕیاری ژمارە 57/ک/2026 لە 21ـی10ـی2026 دەرکردووە، کە بووەتە باس و خواسی راگەیاندنەکان و لێکدانەوەی جیاوازی جۆراوجۆری بۆ کراوە، بەجۆرێک پێچەوانەی یاسا و هەتا مەنتووقی بڕیاری ئاماژەبۆکراویشە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا ئەو بڕیارە تەنها لە مەنتووقەکەیدا هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی کارگێڕی لەخۆ دەگرێت و ئەو بڕیارەش پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و هیچ بەڵگەیەک (حوجییەتێک) پێک ناهێنێت، واتە ئەو بڕیارە تەنها تاوتوێی حاڵەتێکی تایبەتی لەخۆ گرتووە کە بە یەکلاکەرەوە دانانرێت هەتاوەکو بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرنەگرێت، لەکاتێکدا بڕیارەکە تەنها بڕیارێکی کارگێڕی هەڵوەشاندووەتەوە لە رووی تایبەتمەندێتیی (اختصاص)ەوە.

دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە ئەوەشی خستەڕوو، بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی تری عیراق، دەستوور پاشان یاسا تایبەتەکان و لە پێشیانەوە یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە رێکیخستووە، هیچ بەربەستێکی یاساییان تێدا نییە رێگر بێت لەبەردەم هاووڵاتیانی ناوچەکانی تری عیراق کە خاوەندارێتیی یاساییان هەبێت بۆ شوقە و خانووبەرە، چونکە بەپێی دەستوری عیراقیی بەرکار هاووڵاتیان یەکسانن لە ماف و ئەرکدا بەبێ جیاکاریی رەگەزی و تائیفی و ناوچەگەرێتی.

راشیگەیاند، بەوەش ناکرێت هەر کەسە و لای خۆیەوە راڤە و لێکدانەوە بۆ بڕیارێکی دادوەری بکات کە پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و گشتاندن بۆ ئەو حاڵەتە تایبەتە بکات کە ئەو بڕیارە تاوتوێی کردووە.