پۆلیسی سلێمانی: بەتۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل سێ کەس دەستگیرکران
محەمەد رزگار
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پۆلیسی سلێمانی، سێ تۆمەتباریان بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل دەستگیرکرد، کە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بە چەندین تاوانی دزینی ماتۆڕسکیلدا ناوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکرد، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزووری بەڕێوەبەرایەتییان، سێ تۆمەتباریان بەتۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل دەستگیرکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی بنکەی پۆلیسی زەڕایەن ئاگادارکرایەوە لەروداوێکی دزیکردن لەناحیەی زەڕایەن، بڕیاری دادوەر وەرگیراو لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، هەمان شەو بەهاوکاری مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی عەربەت توانرا تۆمەتبارێک بەناوی (ش، ڕ، ع) دەستگیر بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەبەردەوامیی لێکۆڵینەوەکانی هێزەکانی پۆلیسدا توانرا دوو تۆمەتباری تر بەناوەکانی (ڕ، س، ع - ڕ، ت، ی) لەسەر هەمان دۆسیە لەشاری سلێمانی دەستگیربکرێن.
پۆلیسی سلێمانی تیشکی خستەسەر ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتباران دانیان بەچەندین تاوانی دزینی ماتۆڕسکیلدا ناوەو لەچەند بنکەیەکی پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (31/443) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.



