لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، قەدەغەی هاتوچۆی لە سەعات 11ـی شەو تا شەشی بەیانی راگەیەندرا، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت خۆپیشاندانێکی فراوانی پڕ لە توندوتیژی تەواوی وڵاتەکەی گرتوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردوەتەوە، پۆلیسی پاریس، لە بەشێکی شارەکە قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات رەوشەکە کۆنتڕۆڵ بکات، کە لە رۆژانی رابردوودا خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری وڵآتەکەی گرتوەتەوە  و توندوتیژی لێکەوتوەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، قەدەغەی هاتوچۆ لە سەعات 11ی ئەمشەوەوە دەست پێ دەکات و تا سەعات شەشی بەیانی بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، زیاتر لە  هەزار و 200 كەس دەستگیرکراون و دەیان خۆپیشاندەر و پۆلیس بریندارن و چەندین کۆگا  ومارکیت و شوێنی بازرگانیش تاڵان کراون.