كۆنفرانسی كورد لە ئەوروپا كۆتایی هات و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی حوكمرانی لەسوریا ژمارەیەك راسپاردە ئاراستەی حكومەتی توركیا  و یەكێتی ئەوروپا كرا.

كۆنفرانسی كورد لە ئەوروپا كە لە برۆكسلی پایتەختی ئەوروپا بەڕێوەچوو، بە راسپاردەیەكی 20 خاڵی كۆتایی بەكارەكانی هێنا كە دیارترینیان بریتین لە بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی بە پشتبەستن بە گەرەنتیی یاسایی و دیموكراتی و ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و سەرجەم زیندانە سیاسییەكان و دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی یەكێتیی ئەوروپا.

هەروەها داواكراوە، توركیا هەموو بڕیارەكانی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بكات و حكومەت و پەرلەمانی توركیاش بنەمای دەستووری و یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی بنیات بنێن و چاكسازی لە دەستوری توركیا بكرێت.

هاوکات داواش لە یەكێتی ئەوروپا كراوە، لە سیستمی سیاسیی داهاتووی سووریادا، پشتگیری لە پرۆسەیەكی سیاسی بكات كە فرەیی و بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە گەرەنتی بكات.