بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا کرد، رایگەیاند باوەڕی نەگۆڕمان وایە، مافەکانی گەلی کورد تەنها لە رێگەی گفتوگۆوە دەستەبەر دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەزڵوم عەبدی کۆبونەوە و  لە کۆبونەوەکەد،  کە شێخ ئەحمەد حەمەکەریم و د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی سووریا تاوتوێ کران و جەخت لە فراوانکردنی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کرایەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی دیالۆگ کردەوە و رایگەیاند، باوەڕی نەگۆڕمان وایە کە مافەکانی گەلی کورد و پێکەوەژیانی ئاشتییانە تەنها لە رێگەی گفتوگۆوە دەستەبەر دەبن.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد،  سوریای نوێ دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و فرەڕەنگی بنیاد بنرێتەوە، لەو پێناوەشدا یەکێتی هەموو پشتیوانییەکی خۆی دەخاتەگەڕ.

لای خۆیەوە، مەزڵوم عەبدی رۆڵی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە گرنگ ناوبرد و وتی، پشتیوانی و هەوڵە بەردەوامەکانیان بناغەیەکی گرنگ بوون بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و رەخساندنی زەمینەی لێکتێگەیشتن، بە جۆرێک کە مافەکانی گەلی کورد پارێزراو بن و خزمەت بە داهاتووی سووریای نوێ بکات.