مەزڵوم عەبدی: خوێندن لەناوچە كوردنشینەكان بە زمانی كوردییە
محەمەد رزگار
١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
مەزڵوم عەبدی دەڵێت؛ جەخت لە تێکەڵکردنی ئیدارە و هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ دەوڵەتی نوێی سوریا بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی دەکەنەوە و ئاشکرایکرد لەسەر پرسی زمانی کوردی گەیشتوونەتە چارەسەر.
مەزڵوم عەبدی، لە دیداری مێری لە بارەی پرسی کورد لە سوریای نوێ رایگەیاند، دەرفەتێکی گەورە بۆ گەلانی سوریا هاتووەتە ئاراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا سوریای نوێ رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر بووەتەوە و دەبێت بە جدی کار بۆ چارەسەرکردنیان بکرێت.
لەبارەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، پرۆسەی تێکەڵکردنی ئیدارە و هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی نوێی سوریا ئیرادەیەکی بەهێزی لەپشتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکات.
سەبارەت بە پرسی زمانی کوردی ئاشکرایکرد، رێککەوتن و چارەسەر لەسەر پرسی زمانی کوردی لە سوریای نوێ کراوە، و خوێندن لە ناوچە کوردنشینەکان بە زمانی کوردی بەردەوام دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، مەرسومەکانی تایبەت بە مافەکانی کورد پێویستە لە دەستووری نوێی سوریادا بچەسپێنرێن، و گفتوگۆکان بۆ زامنکردنی تەواوی مافەکانی کورد بەردەوامن.
مەزڵوم عەبدی باسی لەوەشکرد، بۆ یەکەمجارە کورد لە دەوڵەتی نوێی سوریادا رۆڵی کاریگەری دەبێت، چونکە وەک کورد بڕوای تەواومان بە بەشداریی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە.
هەر لەبارەی دەستکەوتەکانی کورد رایگەیاند، ئەگەرچی هێشتا هەموو مافەکانمان بەدی نەهاتوون، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەدەستهاتووە دەستکەوتی کەم نین و هەنگاوی گرنگن.
هەر لە دیدارەکەدا مەزڵوم عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، یەكدەنگی و یەكگوتاری كورد لە سوریا زۆر گرنگە و لایەنە كوردییەكان لە سوریا پابەندی یەكڕیزین، دەشڵێت؛ یەكڕیز نەبین ناتوانین مافەكانمان لە سوریای نوێ بەدەستبهێنین و دەستكەوتەكان موڵكی گەلی كوردن نەك هی هێزێكی دیاریكراو.



