قوباد تاڵەبانی: دەبێت دەستورێک بۆ هەرێم دابنێین تا ماڵی خۆمانی پێڕێکبخەینەوە
ئوسامە ئەبوبەکر
١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند هەموو کێشەکانی نێوان عیراق و هەرێم هۆکارەکەی جێبەجێنەکردنی دەستورە و بە گەڕانەوە بۆ دەستور دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی دەستور کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە جێبەجێکردنی تەواوی دەستور کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر دەبن، بەڵام کێشەکانی ناوخۆی هەرێم هەردەمێنن تا ئەوکاتەی دەبنە خاوەن دەستورێک.
لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدادیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، وەک یەکێتی پەیوەندیی باشیان هەیە لەگەڵ بەغداد و کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانیش هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد تا لە بەغداد بە هێزبن و بەشێکبن لە بڕیارەکان لە هەرێمیش بەهێزدەبن.
لەسەر پرسی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەشەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئەوە هەنگاویكی گرنگ بوو، بەڵام تەواوی پرۆسەکە نییە و دەبێت کاری زیاتری بۆ بکرێت.
هەروەها هیواشیخواست هاوشێوەی هێزی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانیش لە هەرێم یەکبگرنەوە.
لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، قوباد تاڵەبانی وتی؛ "بە راشکاوی بڵێم، ئەم جۆرە حکومەتە بۆ ئێستا گونجاو نییە و دەبێت گۆڕانکاری تەواوەتی لە فەلسەفەی حکومڕانیدا بکرێت".
قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە ئیتر سەردەمی ئاوەدانکردنەوە نەماوە و دەبێت وەبەرهێنان بکەن و دەسەڵاتەکان بە تەواوەتی شۆڕبکەنەوە و بە جدی بیر لەوە بکرێتەوە خەڵکی چی دەوێت.



