بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی رایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە، دەستدەکەن بە دابەشکردنی 253 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنوری قەزای سەیدسادق.

شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، سەعات نؤی بەیانی تیروپشکی دابەشکردنەکە لە هۆڵی رۆشنبیری سەیدسادق بەرێوە دەچێت و لیستەکە لە 223 فەرمانبەر و خانەنشین، 22 زیندانی سیاسی و هەشت وارسی شەهیدانن.

پڕۆسەکە بە چاودێریی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزاکە بەڕێوەدەچێت، شارەوانیی سەیدسادقیش جەخت دەکاتەوە کە دابەشکردنەکە بەپێی خاڵبەندی و قۆناغ بە قۆناغ لە بەرزترینەوە بۆ نزمترین خاڵ بەردەوام دەبێت.

شارەوانی سلێمانی داواشدەکات لە  سەرجەم ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، کە پێویستە پێنج کۆپی لە هەریەک لە کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری، لەگەڵ بەڵگەنامە ئەسڵییەکانیان پێبێت و دەبێت هاوژینەکانیشیان ئامادەبن.