رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، ناتانیاهۆ هەوڵدەدات رەزامەندی سعودییە بۆ بەشداریکردنی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی حوسییەکان لە یەمەن لە رێگەی نێوەندگیری ئەمریکاوە بەدەستبهێنێت.

لە راپۆرتەکەدا،  ئاماژەی بەوەکراوە، سەرەڕای هەوڵەکانی ناتانیاهۆ بۆ هێرشی هاوبەش لەگەڵ سعودییە بۆسەر حوسییەکان، بەڵام شازادەی جێنشینی سعودیە دژی ئەو جۆرە بەشداریکردنەیە.

رۆژنامەکە ئاشکرای کردوە، بن سەلمان دژی ئامادەبونی سەربازی ئیسرائیلە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، چونکە نیگەرانە لە کاردانەوەی نەرێنی رای گشتیی سعودیە بەرانبەر بە هەنگاوێکی لەو شێوەیە.

جیا لە خواستی بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆن دژی حوسییەکان، رۆژنامەکە دەڵێت؛ ناتانیاهۆ هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ریاز پتەوتر بکات و رێگە خۆش بکات بۆ رێککەوتنی داهاتوو تا پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە ئاسایی بکاتەوە.