بافڵ جەلال تاڵەبانی هۆشداری لە رەوشی ناوچەکە دەدات و داوای گۆڕینی سیاسەتی کورد لە بەغداد دەکات

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵی 'بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر: یەکگرتوویی، ئاسایش و هاوبەشی هەرێمی' لە دیداری مێری هۆشداری لە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و رایگەیاند: ناوچەکە لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە و پێویستیشە سیاسەتی کورد لە بەغداد بگۆڕێت.

لەبارەی پرۆسە ئاشتیش لە باکوری کوردستان و تورکیا وتی: دەبێت هەمووان پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی بن لە توركیا.

سەبارەت بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی ئاشکراکرد: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و نەبوون و ناشبنە پیاوی هیچ وڵات و لایەنێک.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا پەیوەست بە رەوشی ناوخۆی عیراق، سەرۆکی یەکێتی باسی لە پەیوەندییەکانی حزبەکەی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد و وتی: پەیوەندییەکی زۆرباشمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی عیراقدا هەیە، بەڵام پێویستە سیاسەتی خۆمان لە بەغداد بگۆڕین بۆ ئەوەی لە ئاست پێشهاتەکاندا بێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەبارەی هەوڵەکان بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لە عیراقدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە "عەلی زەیدی دەیەوێت گۆڕانکاریی جدی و قورس لە عیراقدا ئەنجامبدات".