پۆلیسی دارستانی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە سنوری قەرەداغ کەسێکیان بە تۆمەتى بڕینی داری سروشتی دەستگیرکردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەپێناو پاراستنى سنورەکەیان و پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگە، مەفرەزەیەکی بنکەی سێوسێنانی سەر بە بەشی قەرەداغ، توانیویانە هاووڵاتیەك بە تۆمەتی بڕینی داری سروشتی دەستگیربکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، دەستیش گیراوە بەسەر ژمارەیەک داری بڕاوە و مشارێکیش کە بۆ بڕینی دارەکان بەکاریهێنابوو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو پێشلکارییەی ئەنجامیداوە.