قوباد تاڵەبانی: یەکێتیی ئێستا متمانەپێکراوترین هێزی سیاسییە
ئوسامە ئەبوبەکر
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە سەردانەکەیدا بۆ کۆیە، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ کوردە عومەر، لێپرسراوی مەڵبەند و ئەندامانی ئەنجوومەنی مەڵبەندی 14ـی رێکخستنی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە 11ـی 10ـی 2026 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی کۆیەی کرد بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و داوایکرد ئەندامانی ئەنجوومەنی مەڵبەند زۆر زیاتر لە جاران خۆیان ماندوو بکەن و خۆیان بە داکۆکیکاری مافی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کۆیە بزانن.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە روونکردەوە و جەختیکردەوە کە یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی پابەندە بە تەواوی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانی خۆی داوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە پێگەی یەکێتی کرد لە کوردستان و عیراق و ناوچەکەدا و روونیکردەوە کە لە دوای سەرۆک مام جەلالەوە، هەرگیز یەکێتی وەک ئێستا پێگەی بەهێز نەبووە، بە جۆرێک لە هەموو پرسە گرنگەکاندا حیساب بۆ بۆچوون و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت. وتیشی بەهۆی روونبوونی سیاسەت و هەڵوێستەکانییەوە، یەکێتیی ئێستا متمانەپێکراوترین هێزی سیاسییە.



