عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، جەختی کردەوە کە هەر خێزانێک خاوەنی خانووی تایبەت بە خۆی نەبێت، سەنەدی زەوییەک وەردەگرێت و حکومەتیش لە پرۆسەی دروستکردنیدا هاوکاریی دەکات.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: عەلی زەیدی لە پارێزگای کەربەلاوە پرۆژەی «ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون - دەستپێشخەریی وەتەن»ی یاگەیاند، کە 60 هەزار پارچە زەوی لەخۆدەگرێت و وەک پشکی ئەو پارێزگایە دیاری کراوە.

سەرۆک وەزیران لە وتارێکیدا لە کاتی راگەیاندنی پرۆژەکدا ئاماژەی بەوە کرد: سەردانەکەی تەنها بۆ دانانی بەردی بناغە نییە، بەڵکو بۆ چەسپاندنی مافێکە کە هاووڵاتیی عیراقی ساڵانێکە چاوەڕێی دەکات. روونیشی کردەوە هەڵبژاردنی کەربەلا بۆ راگەیاندنی پرۆژەکە لەبەر ئەوەیە کە شارەکە سیمبولی چاکسازییە.

دەربارەی هەنگاوەکانی داهاتوو، سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد کە پارێزگای نەجەف دەبێتە وێستگەی دووەمی راگەیاندنی پرۆژەکە و بەدوایدا نەینەوا و پارێزگاکانی تر دێن.

جەختیشی کردەوە: لە قۆناغی داهاتوودا دابەشکردنی سەنەدەکان دەست پێدەکات و ئەمەش بەڵێنێکە کە پاشگەزبوونه‌وه‌ی تێدا نییە، چونکە دەیەوێت هەر هاووڵاتییەکی عیراقی لە خانووی تایبەتی خۆیدا بژی و رزگاری ببێت لە نیگەرانی و بارگرانیی کرێچێتی.

سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر ئیرادەی حکوومەت کردەوە بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژانە لە ماوەی کارکردنیدا و ئاماژەی بەوە دا زەوییەکان بە شێوازێکی رێکخراو سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیان بۆ دابین دەکرێت، هەروەها جەختی کردەوە ئەم دەستپێشخەرییە هیچ تێچوویەک ناهێنێتە سەر بودجەی گشتی. لە کۆتاییدا سوپاسی پارێزگاری کەربەلا و کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەی کرد.