لە حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان ئاڵۆزییەكان بەردەوامە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیدا.

دوایی ئەوەی كە رۆژی رابردوو و لە کاتی هەڵكردنی ئاڵای سوریا لە پارێزگای حەسەكە رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو، عەرەبەكانی شاری حەسەكە دەستیانكرد بە خۆپیشاندان لە دژی كوردەكان و هەڕەشەیان لە كوردەكان كرد و ئەوە بووە هۆی ئاڵۆزی لەناو ئەو شارە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەوڵی كۆنترۆڵكردنی رەوشەكەیان دا.

ئەمڕۆش لە دوایی نوێزی هەینی لە سێ گەڕەكی عەرەبنشینی غوەیران ، نشوە و عەزیزیەی سەر بە شاری حەسەكە جارێكی تر عەرەبەكانی ئەو گەڕەكە هەوڵی ئاژاوەگێڕیان دا و لە دژی هاووڵاتییانی كورد خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و لە ئەنجامدا هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناو شار بڵاوەیان پێكرا و خرانە حاڵەتی ئامادەباشیدا.

لەلای خۆشیەوە، نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە رایگەیاند، "داوا لە هەمووتان دەکەم، بەتایبەتی گەنجان، کە ژیرانە بیربکەنەوە و خۆڕاگر بن، هێزەکانی ئاسایش رۆڵە و برای ئێوەن و ئەرکیان پاراستنی ئێوە و دامەزراوە نیشتمانییەکانە، وەرن با دەست لە ناو دەست بنێین بۆ لەناوبردنی هەلی هەر لایەنێک کە هەوڵ دەدات هەست و نەستتان بقۆزێتەوە بۆ کێشکردنی وڵات بەرەو پشێوی و توندوتیژی."

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی گرژییەکان، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە سێ هاووڵاتی مەدەنی کورد بریندرابوون.