پارێزگاری حەسەکە داوای هێوربوونەوە و پاراستنی ئارامی لە هاووڵاتییان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ داوا لە گەنجان دەکەم دان بە خۆیاندا بگرن و رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان نەبنەوە.

نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی  ئێکس پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییانی پارێزگاکە کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ بە دڵسۆزییەوە بۆ ئاسایش و سەلامەتیی هەر تاکێکی ئێوە و ئاسایشی وڵاتەکەمان روتان تێدەکەم، دەربڕینی داواکردنی مافەکان مافێکی رەوایە و یاسا گەرەنتی کردووە، ئێمەش بە هەموو رێز و پێزانینێکەوە گوێ لە دەنگتان دەگرین."

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی دەنگتان بە بەرزی و بەهێزی بپڕێتەوە، پێویستە هەموومان پارێزگاری لە ئاشتییانەبوونی ئەم جووڵانەوانە بکەین. تێکدانی موڵکوماڵ یان چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرژەوەندیی دۆزەکەتاندا نییە، بەڵکو سەرنجەکان لەسەر داواکارییە رەواکانتان دوور دەخاتەوە و زیان بە ئاسایشی کۆمەڵگە دەگەیەنێت."

پارێزگاری حەسەکە راشیگەیاند، "داوا لە هەمووتان دەکەم، بەتایبەتی گەنجان، کە ژیرانە بیربکەنەوە و خۆڕاگر بن، هێزەکانی ئاسایش رۆڵە و برای ئێوەن و ئەرکیان پاراستنی ئێوە و دامەزراوە نیشتمانییەکانە، وەرن با دەست لە ناو دەست بنێین بۆ لەناوبردنی هەلی هەر لایەنێک کە هەوڵ دەدات هەست و نەستتان بقۆزێتەوە بۆ کێشکردنی وڵات بەرەو پشێوی و توندوتیژی."