دوای بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک گەنجی دەڤەری راپەڕین، توانرا بەدواداچونی خێرا بۆ بابەتەکە بکرێت گەڕاندنەوەی سەرجەم کۆچبەران بە سەلامەتی.

دوای ئەوەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر 33 گەنج و لە رۆژانی رابردووشدا سێ گەنجی تر گەڕێندرانەوە، بەرەبەیانی ئیمڕۆ هەینی، 11 گەنجی تری دەستبەسەرکراوی لیبیا بە سەلامەتی گەیەندرانەوە خاکی هەرێمی کوردستان و رادەستی خێزانەکانیان کرانەوە.

ئەم پڕۆسەیە بە یاوەریکردنی سەلیم پاشا، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەڕێوەچوو. لە فرۆکەخانەش لەلایەن عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) و تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ پێشوازییان لێکرا. دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی، سەرجەم گەنجەکان گەیەندرانەوە باوەشی بنەماڵەکانیان.

لە ئێستاشدا هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی سۆراخ و گەڕاندنەوەی 10 گەنجی تری بەندکراوی دەڤەری راپەڕین لە لیبیا بەردەوامن.

شایەنی باسە، بەهۆی رێکارە توندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی، ئاستی کۆچی نایاسایی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.