قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی جەخت لە بەردەوامی و چڕکردنەوەی چاودێریی بازاڕەکان دەکاتەوە و هۆشداری دەداتە بازرگانان و کاسبکاران لە هەر هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و شتومەکە بنەڕەتییەکان.

فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بەوەکالەت رایگەیاند؛ لە رێگەی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام بەدواداچوون لە ناو بازاڕەکاندا دەکەن بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان و رێگریکردن لە قۆستنەوەی بڕیارەکەی حکومەتی عیراق بۆ گرانکردنی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان.

قائیمقامی سلێمانی بەوەکالەت ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری دیاریکردنی بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 150 هەزار دینار لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بڕیارێکی کتوپڕ بووە، بەڵام سەرجەم ئەو کاڵا و شتومەکانەی ئێستا لە بازاڕەکاندا بەردەستن، بە نرخی پێش بڕیارەکە هاوردە کراون، بەوهۆیەوە بە هیچ جۆرێک رێگە نادرێت نرخەکانیان بەرز بکرێنەوە.

جەختیشی کردەوە، رۆژانە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە لیستی نوێی نرخەکانیان بەدەست دەگات و لەسەر ئاستی سەرجەم بازاڕەکان چاودێریی دەکەن، هۆشداریشی دا کە هەر کاسبکار یان بازرگانێک سەرپێچی بکات و نرخەکان بەرز بکاتەوە، رووبەڕووی رێکاری یاسایی و لێپێچینەوەی توند دەکرێتەوە.