ترەمپ: روسیا وەک چین لە زانیاریی پێدان لەسەر تاعون بێدەنگە
محەمەد رزگار
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دواى گیانلەدەستدانى فەرمانبەرێکی تاقیگە لە پەیمانگەیەکی تایبەت بە توێژینەوەی نەخۆشیی تاعون لە سيبيريا، دۆناڵد ترەمپ رەخنە لە بێدەنگیی مۆسکۆ دەگرێت و تەندروستیی روسیاش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، روسیا سەبارەت بە روداوەکەی نەخۆشیی تاعون زانیاریی زۆر ئاشکرا ناکات، رێک وەک ئەوەی چین لە بەرانبەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەنجامی دا.
ترەمپ سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو فەرمانبەرە ئاماژەی بەوەکرد، بڕوا ناکات روداوەکە پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی چەکی بایۆلۆجییەوە هەبێت و وتیشی، "روسیا جەخت دەکاتەوە کە بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئێمەش خەریکی پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانین."
لە بەرانبەردا، ئاژانسی تەندروستیی گشتیی روسیا بوونی هەر مەترسییەکی بڵاوبوونەوەی پەتای لە شاری 'ئێرکۆتسک' و ناوچەکانی دەوروبەری لە سیبیریای باشوری رۆژهەڵات ڕەتکردەوە و ئاشکرایکرد، چاودێریی پزیشکی بۆ زیاتر لە 90٪ی ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ کۆچکردووەکەدا هەبووە کۆتایی پێهاتووە و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکە تێیاندا بەدی نەکراوە.
هاوکات دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن ' رایگەیاند، روسیا رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە زانیارییەکانی تایبەت بە باری تەندروستی و هەوکردنی سییەکان لە ناوچەی ئێرکۆتسک ئاگادار کردووەتەوە.


