شارەوانیی هەولێر: کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران قەدەغەیە
محەمەد رزگار
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشدارییەک ئاراستەی سەرجەم فەرمانبەران، هاووڵاتییان و نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەکات و رایدەگەیەنێت، کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران بەرلە تەواوبوونی مامەڵە یاساییەکانیان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، تێبینی کراوە هەندێک لەو فەرمانبەرانەی زەوییان بۆ دەرچووە یان زەوییەکانیان بە شێوەی کارتە، دەستیان کردووە بە کڕین و فرۆشتن؛ شارەوانی جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارە بە تەواوی پێچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی.
شارەوانیی هەولێر جەختیشیکردووەتەوە، تا ئەو کاتەی سەرجەم مامەڵە و رێکارە یاساییەکان تەواو نەبن و وێنەی تۆماری رەسمی 'تاپۆ' وەرنەگیرێت، هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتن دانپێدانراو نییە و نوسینگەکانی خانووبەرەش لە ئەنجامدانی کەوتنی هەر سەرپێچییەک بەرپرسیار دەبن.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆی 82 هەزار ناوی فەرمانبەرانی سنوری شاری هەولێر، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا 55 هەزار فەرمانبەر زەوییان پێدراوە و کارکردنیش لەسەر قۆناغەکانی تر بەردەوامە.



