دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە 24 سەعاتدا هەردوو بکوژی هاوڵاتییەکەی شاری سلێمانییان دەستگیرکرد  و لە ئێستادا بە گوێرەی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عیراقی راگیراون.

دەزگای ئاسایشی هەریم لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاندوە، لەدوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی بەردەوام توانیان بکوژی سەرەکی و هاوکارەکەی لەئەنجامدانی تاوانی کوشتنی هاوڵاتی (محەمەد ئەحمەد حەمەئەمین) ناسراو بە محەمەد مەلای مامە گەورەی پێنجوێنی دەستگیربکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆمەتباران بەمادەی(406)لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.

جێ باسە، درەنگانێکی شەوی 5ـی10ـی 2026 سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاندبو،  لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی تەرمی محەمەد مەلای مامە گەورە پێنجوێنی بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.