سروش سازانی، لێپرسراوی بەشی ژینگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی رایگەیاند، هۆکاری رێگری لە دروستبوونی لافاو و نەبوونی کاریگەریی نەرێنی بارانی کتوپڕ لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی پێشوەختە و ستراتیژیی خاوێنکردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان دەگەڕێتەوە.

لێپرسراوی بەشی ژینگەی شارەوانییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: "لە ناوەڕاستی مانگی ئابی رابردوودا، لەسەر پێشنیاری بەشی ژینگە و لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ پاککردنەوەی سەرجەم باراناو، مەنهۆڵ و ڕێڕەوە ئاوییەکانی زۆنی چەمچەماڵ ئەنجام دا."

ئەوەشی روونکردەوە، هەڵمەتەکە لە ماوەی یەک مانگدا و لە بەرەبەیانی زووی هەموو رۆژێکدا دوور لە چاوی کامێرا و میدیاکان، بە بێ چاوەڕوانی سوپاسگوزاری، لەسەر دەستی تیم و ژینگەپارێزانی کۆمپانیاکانی (ئانزو، گەردین و ئۆرانوس) و بە سەرپەرشتیی سەرپەرشتیارانی زۆن و چاودێرانی شارەوانییەکان ئەنجام دراوە.

ناوبراو ئاماری کارەکانی لە سنووری 43 شارەوانی بەم شێوەیە خستەڕوو:

9078 باراناو پاککراونەتەوە.

1712 مەنهۆڵ پاککراونەتەوە.

122 قەنتەرە و رێڕەوی ئاوی خاوێنکراونەتەوە.

سروش سازانی جەختیشی کردەوە، ئەم کارانە دەستکەوتێک بوون کە لە بێدەنگیدا و لە نێوەندی قەیرانی دارایی و موچەدا بە ئەنجام گەیەندراون. بە درێژایی وەرزەکانی پاییز و زستان، هەمان ئەم تیمانە بەردەوام دەبن لە شەونخونی و ئامادەباشی بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.