قوباد تاڵەبانی: دەرگای هەرێمی کوردستان بەڕووی وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیادا کراوەیەوە
ئوسامە ئەبوبەکر
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی کرد لە دانيێل كرێبهر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە 5ـی 10ـی 2026، لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزەکانیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان. قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هێزەکانی ئەڵمانیای کرد لە عیراق و هەرێمی کوردستان و بەپێزانینەوە ئاماژەیدا بە هاوکارییەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی کارکردنی زیاتر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە دەرگای هەرێمی کوردستان بەڕووی وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیادا کراوەیەوە و حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتەدا بکات.



