شارەوانی سلێمانی هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە کە سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەیی تەواودان و گەر هاووڵاتییەک پێویستی بە یارمەتیی بەپەلە بوو با پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتن بە ژمارە (100)ـەوە بکات.

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاندووە: بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا و راپۆرتەکانی کەشناسی، سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە: لە پێناوی کەمکردنەوەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بە هاوکاریی بۆردی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، پێشوەختە هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی مەنهۆل، ئاوەڕۆ و کەناڵەکانی رێڕەوی ئاو لە شەقامە سەرەکییەکان، کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکاندا ئەنجامداوە و هەموو ئامادەکارییە پێویستەکانیش گیراونەتەبەر.

شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات: پابەندی رێنماییەکانی پاراستن بن و لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، دروستبوونی لافاو یان پێویستبوون بە یارمەتیی بەپەلە، راستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتن (JCC) بە ژمارە 100 بکەن، تیمەکانمان بە شێوەی 24 سەعاتی لە خزمەت و ئامادەباشیدان، بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئارامیی هاووڵاتییانی بەڕێز.