بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: پاش بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری، هێزەکانیان توانیویانە تیرۆریستێکی داواکراو دەستگیربکەن.

دژەتیرۆر ئاماژەی بەوەشداوە، تیرۆرستە دەستگیرکراوەکە ئەندامی بەناو رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووە و لە فیرقەی 210ـی ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە بووە و چالاکی کردووە. 

هاوکات، باوکی لە قەزای 'ئەبو غرێب' لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە، هەروەها برایەکی لە ناوچەی 'نباعی' لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، باوکی تاوانبارەکە لە ریزەکانی داعشدا لە ویلایەتی باکووری بەغداد فەرماندەی مەفرەزەی سەربازی بووە، پاشان کراوەتە والی (فەلوجە).

ئەوەشی روونکردەوە، تیرۆریستی دەستگیرکراو، پاش رووخانی داعش، رووی لە شاری سلێمانی کردووە و لەوێ نیشتەجێ بووە، لە هەمان کاتدا وەک ئەندامێکی چالاکی ڕێکخراوەکە لە سنووری سلێمانی بەردەوام بووە لە چالاکییەکانی تا ئەو کاتەی لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆرەوە دەستگیرکرا.