لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکاران رایدەگەیەنێت، بڕیاری دیاریکردنی کاتی کاری سەرتاشخانەکان لەلایەن بەشی یاسایی پارێزگای سلێمانییەوە رەتکراوەتەوە و تەنها رۆژێک وەک پشوو بۆ کارکردنیان دیاری دەکرێت.

دەرون رزگار، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکاران بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ ئەو راپرسییەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی کارکردنی سەرتاشخانەکانی سلێمانی ئەنجامدرا و تێیدا زۆرینەی سەرتاشەکان دەنگیان بەوە دا بوو کاتی کارکردنیان لە سەعات هەشتیی بەیانییەوە تا هەشتی شەو بێت، لەلایەن بەشی یاسایی پارێزگای سلێمانییەوە رەتکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم قۆناغەدا بڕیاردراوە تەنها رۆژێک لە هەفتەدا وەک رۆژی پشوو بۆ سەرتاشخانەکان دیاری بکرێت، بەڵام بۆ دیاریکردنی کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی کاری رۆژانەیان، خاوەن سەرتاشخانەکان خۆیان سەرپشک دەبن.