عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، مام جەلال پێگەیەکی گەورەی لە دڵی عیراقییەکاندا هەیە و لە هەموو قۆناغە هەستیارەکانی وڵاتدا رۆڵی دیار و کاریگەری هەبووە، بە تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت و بەرگریکردن لە ئەزموونی دیموکراسی.

سەرۆکی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوە کرد: مام جەلال بەهای گفتوگۆی دەزانی و وەک چەترێکی کۆکەرەوە لایەنە ناکۆکەکانی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆدەکردەوە.

بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی و بەرگریکردنی لە مافی هەموو عیراقییەکان بەبێ جیاوازی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عیراق نازناوی «سەمام ئەمانی عیراق»ی پێبەخشی.

حەکیم جەختیشی کردەوە:  مام جەلال شانازی بە کوردبوونی خۆی و ئینتیماکەی بۆ عیراق دەکرد، و بڕوای بە (کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عیراقێکی بەهێزدا) هەبوو.

ئاماژەی بەوەش دا کە شەراکەتی راستەقینەی کردبووە بنەما بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پێویستە لە ئێستادا پارێزگاری لە دیدگاکەی بکرێت و پەرەی زیاتری پێبدرێت.