قوباد تاڵەبانی: یەکێتی سیاسەتێکی روون و شەفافی هەیە و لەگەڵ دەنگدەرەکانی راستگۆیە
ئوسامە ئەبوبەکر
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە ئامادەبوونی هەڤاڵ دێوالی رەمەزان، لێپرسراویی مەڵبەندی 4ـی دهۆکی رێکخستنەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی دهۆک کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجششەمە 1ـی 10ـی 2026 بەڕێوەچوو، بە ئاماژەدان بە گرنگیی دەڤەری بادینان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، روونیکردەوە گۆڕانکارییەکان لە رێکخستنەکان بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی یەکێتییە لەو سنوورەدا. پشتیوانی تەواوی خۆشی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند دەربڕی بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە سیاسەتی یەکێتی لە سنووری بادینان جێبەجێ بکەن و رێکخستنەکان ببووژێننەوە.
سەبارەت بە رەوشی یەکێتیش، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بەوەکرد: یەکێتی بە سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سیاسەتێکی روون و شەفافی هەیە و لەگەڵ دەنگدەرەکانی راستگۆیە و پابەندە بە هەموو ئەو بەڵێنانەی لەکاتی هەڵبژاردن بە دەنگدەرانی داوە.
روونیشیکردەوە، لەم قۆناغەدا یەکێتی لە هەموو کات بەهێزترە و لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکەدا بۆ پرسە گرنگەکان حیسابی تایبەت بۆ سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت. وتیشی: لە دوای سەرۆک مام جەلالەوە هیچ کاتێک پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی وەک ئێستا بەهێز نەبووە و سەرۆکی یەکێتی بە بەردەوامی لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاری نێودەوڵەتی لە پەیوەندیدایە.



