بڕیار محەمەد: کارتی زانیاری گۆڕانکاری بەسەردادێت
ئوسامە ئەبوبەکر
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز
وەفدێک لە بەغدادەوە دێنە هەولێر و گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکاری کارتی زانیاری دەکرێت و پەیامنێری کوردسات نیوزیش دەڵێت، "پێشنیازێک هەیە کارتی زانیاری هەر نەمێنێت".
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: بڕیار وایە لە هەفتەی داهاتوودا وەفدێکی باڵای سەربازی و کارگێڕی لە بەغدادەوە بگەنە هەولێر و سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و کارتی زانیاری هەرێمی کوردستان بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، گفتوگۆ لەبارەی تۆمارکردن و نوێنکردنەوەی کارتی زانیاری دەکرێت، کارتی زانیاری دەکرێتە ئەلیکترۆنی و بەو شێوەیەی ئێستا نامێنێت، بەشێک لە ئامێرەکان کە پێویستن بۆ پڕۆسەکە گەیشتونەتە هەولێر و پێشتریش راهێنان بە کارمەندەکان کراوە.
بڕیار محەمەد دەشڵێت: چەند پێشنیازێک هەیە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە رێکارەکانی دەرهێنانی کارتی زانیاری ئاسان بکرێت، پێشنیازێکی تریش ئەوەیە کە کارتی زانیاری نەمێنێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشدا: لەمەودوا کار بەو کارتە زانیاریانە ناکرێت کە هاووڵاتیان هەیانە و هەمووی دەکرێتە ئەلیکترۆنی، بەشێکی راگیرانی ئەو مامەڵانەی کە بۆ دەرهێنانی کارتی زانیاری کراوە پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە.



