وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، پەیامێکی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە رەوشێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە".

دەقی پەیامەکە

رۆژی 30ـی ئەیلول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عیراق و هەرێم دەکشێنەوە، ئەم کشانەوەیەش دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی عیراقی فیدراڵ و ئەمریکا و هاوپەیمانانە.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عیراق لە کاتێکی هەستیاردایە؛ بەتایبەت کە رەوشی ئاسایشی عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی رەوشی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.

لەكاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی رابردوو، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی، مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە چەندین شەهید و بریندار و زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە. 

جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە رەوشێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە، لە هەمان کاتدا ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاین کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی حکومەتی فیدڕاڵ، ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی فیدڕاڵە کە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.

هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە رابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەر رەوشێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێت و رووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی زۆری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و رێز لە هاوکاری و پشتیوانیان دەگرێت کە لە رابردوودا بەرانبەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پێشکەشیان کردووە.

وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لەسیستمی بەرگری عیراق لەگەڵ سوپای عیراق دا پەیوەندیەکی دەستوریی و ئەمنی پتەوی هەیە و لەکارکردنی هاوبەشدا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت.

لە کۆتاییدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتی خوازدایە.

وەزارەتی پێشمەرگە

  27ـی ئەیلولی 2026