دژەتیرۆری عیراق هەوڵی كردەوەیەكی تیرۆریستیی بۆسەر مزگەوتێك لە ناحیەی پردێ پووچەڵكردەوە و بەهۆی روبەڕوبوونەوەش دوو تیرۆریست كوژران.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە كەركوك رایگەیاند، لە روبەڕوبوونەوەیەكدا نێوان هێزەكانی سەر بە دەزگای دژەتیرۆری عیراق و ژمارەیەك تیرۆریستی داعش لە ناحیەی پردێ سەر بە پارێزگای كەركوك، دوو تیرۆریستی داعش كوژراون و تیرۆریستێكی تریش بە برینداری دەستگیركرا و دوو ئەندامی دژەتیرۆری عیراقیش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، تیرۆریستەكان پشتێنی بۆمبڕێژكراویان لە خۆیان بەستبوو و بەنیاز بوون بچنە ناو مزگەوتێك بەناوی (ئەڵاهوئەكبەر) لەناو ناحیەكە و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

وتیشی، هێزەكانی دژەتیرۆری عیراق و دەزگای هەواڵگریی كەركوك پێشوەخت زانیارییان پێگەیشتبوو و ئاگاداركرابوونەوە تیرۆریستەكان بەنیازن خۆیان بتەقێننەوە.