زانکۆیەکى سەربەخۆ بۆ خانەقین دروستدەکرێت
لاوەند سالار حەمەد
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئەیلوولی 2026، بە سەرپەرشتی سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان بۆ چارەسەرکردنی کۆتاییی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان ئیمزا کرد.
کۆبوونەوەکە لە تەلاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو؛ لەسەر بڕیاری د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، وەفدێکی وەزارەت بە سەرۆکایەتیی د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، راوێژکاری وەزیر و بە بەشداری سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و بەڕێوەبەرە گشتییە تایبەتمەندەکان ئامادە بوون. لە بەرامبەردا وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بەشداربوون.
بەپێی دەقی یاداشتنامە هاوبەشەکە، بڕیاردرا بە دامەزراندنی زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ شارۆچکەی خانەقین کە سەرۆکی زانکۆکە لە خەڵکی شارەکە دەبێت. زانکۆ نوێیەکە سەرجەم ئەو کۆلێجانە لەخۆدەگرێت کە لە ئێستادا لە خانەقینن و سەر بە زانکۆی گەرمیانن، هەروەها پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکاران تێیدا بۆ سەرجەم خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق کراوە دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەدا هاتووە کە بەپێی یاداشتەکە، حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە رۆژی دامەزراندنیانەوە دان بە سەرجەم کۆلێجەکانی زانکۆی گەرمیاندا دەنێت، بە کۆلێجەکانی شارۆچکەی خانەقینیشەوە.
بڕیاریشە لە هەنگاوی داهاتوودا ئەم یاداشتنامەیە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی.

