خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "لەم ساتەدا دڵنەوایی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی زوڵم و ستەمی رژێمی لەناوچوو ئەکەم و پێیان ڕائەگەیەنم کەچیتر رووفاتی پیرۆزی ئازیزانیان گۆڕ غەریبی نێو بیابانە دوورە دەستەکانی سەماوە و تەل شێخییە نابن و دێنەوە ئامێزی نیشتمان".

دەقی پەیامەکە

پڕ بەدڵ خۆشحاڵ بووم کە قۆناغی دووەمی گێڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبیابانەکانی تەل شێخیەوە بەرەو خاکی نیشتمان دەستی پێکرد.

لەم ساتەدا دڵنەوایی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی زوڵم و ستەمی رژێمی لەناوچوو ئەکەم و پێیان ڕائەگەیەنم کەچیتر رووفاتی پیرۆزی ئازیزانیان گۆڕ غەریبی نێو بیابانە دوورە دەستەکانی سەماوە و تەل شێخییە نابن و دێنەوە ئامێزی نیشتمان.

وەک چۆن پێشتر دەستمان دایە ئەم ئەرکە نیشتمانیی و مرۆییە و بەڵێنمان دا بەکەسوکاریان کە فریادڕەسی سارێژکردنی برین و خەمەکانیان بین لەو ساتەدا کەدۆسیەکە چەندین ساڵ بوو بەبەهانەی جیاواز پشتگوێخرابوو، ئاوەهاش ئەرکی خۆمان بەجێگەیاند لە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال و هێنانەوەی قۆناغی یەکەمی ڕووفاتەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەڕێز و پێزانین و بەرێورەسمی شایستەو ئەنجامدانی پشکنین و وەرگرتنی سامپڵی خوێن و جوڵاندنی دۆسیەی تاوانبارانی ئەنفال لە دادگا و بەسزاگەیاندنی تاوانبار عەجاجی نوگرەسەلمان.

ئەم کاروانە بەردەوام دەبێ تا ساڕێژبوونی برینی قوڵی جینۆسایدی گەلی کورد و قوربانیانی شاڵاوە بێ رەحمانەکانی ئەنفال.

رۆحتان شاد و نیشتمان ئامێزی گەرمی بۆتان کراوەیە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد