حەج وعومرەی هەرێم رایگەیاند، هـــه‌فته‌ی داهــــاتوو تیروپشكی حاجیان ئه‌نجام ده‌درێت و تا ئێستا زیاتر لە 1600 هاووڵاتی ناویان بۆ حەج  پڕکردوەتەوە، ئاگاداریان بۆچووە تا کەموکڕییەکان و هەڵەکان چاک بکەن، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە  و هۆشداریشیان پێدەدرێت ناویان ناچێتە ناو تیروپشکەوە.

بەرێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، له‌ هه‌فته‌ی داهاتودا تیروپشكی ناوی حاجیان ئه‌نجام ده‌درێت و تیروپشكه‌یش بۆ دوو ساڵ ده‌بێت، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت؛ زیاتر لە 1600 هاووڵاتی نامەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ نێردراوە تاوەکو کەمپوڕی و هەڵەکانی فۆڕمەکانیان چاک بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نامەکانیان نەکردووەتەوە و هیچ دەستکارییەکیان ئەنجام نەداوە.

وتەبێژی حەج و عومرە داوای لە سەرجەم پێشکەشکاران دەکات لە رێگەی ئەکاونتەکانیانەوە لە هەژماری "کورد پاس" (KRDPass) سەردانی فۆرمەکانیان بکەنەوە، تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی ئایا نامەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ رەوانە کراوە یان نا.

کاروان ستونی جەختیکردوەتەوە، هەر کەسێک نامەی دەستکاریی بۆ گەڕابێتەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵە و کەمکوڕییەکانی فۆرمەکەی چاک نەکات، ناوی ناچێتە پرۆسەی تیروپشکەوە.